ناسراوترین مانای ئەم واژەیە لە زووانی فارسی دا بریتییە لە شوێنێکی تەسک و تەنگەڵان وەک نێوان دوو بەرزایی کە دەبێتە دۆڵ یا شیوێکی تەنگ. هەروەها بە واتای (مضیق) یا (گەروو)یش بەکاری دەهێنن کە دەکاتە دەریایەک کە لە دوو لایەوە تەسک دەبێتەوە و ووشکانییەکانی ئەمبەر و ئەوبەری لە یەکتری نزیک دەبنەو وەک تەنگەی هورمز یا گەرووی هورمز لە کەنداوی عەرەب/فارس دا. دیارە لە زمانە زاگرۆسییەکانیش دا هەر بە واتای تەسکایی و تەنگەبەرایئ نێوان دوو بەرزایی هاتووە.
یەکێک لە واتا ناسراوەکانی تری تەنگە ئەو قایشە پانەیە کە لەژێر زگی ئاژەڵی بارەبەردا دەبەسترێ بۆ گورجکردنی زین و کورتان/کۆپان/پاڵان. واتایەکی تری تەنگە بریتییە لە قەد و باڵا کە مەبەستی سەرەکیی ئەم کورتە یادداشتەی ئێمەیە. بەتایبەتی بۆ کەسێک بەکاردەهێنرێت کە وورگی زل بێت و قەڵەو بێت. دەڵێن کابرایەکی تەنگە ئەستوورە.
لێرەدا واتای تەنگە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە. لەکاتێکدا کە لە ووشەکانی پێشوودا بە واتای مەودایەکی کورت و تەسک بەکاردەهێنرا، لەم واژەیە و لە واژەی تەنگەی بارەبەردا بۆ نیشاندانی ئەستووری بەکاردەهێنرێت. هەربۆیە بەم ئاکامە دەگەین کە ریشەی واژەی (تەنگە) لە ووشەی لێکدراوی (تەنگەستوور)دا ریشەیەکی جیاوازە لە ئەوانی سەروو. هەروەها ریشەی (تەنگە)ی بارەبەریش جیاوازە چونکە هۆکارێک نابینرێت ئەو قایشە بخرێتە تەنگانەوە. ریشەی ئەم دوو واژەیەی دوایی لە ووشەی (تەن) دایە بە واتای لەش، لار، لاشە. لە لوریدا (تونگ) یا (تونگە)مان هەیە بە واتای ئەستوورایی قەدی درەخت بەبێ لک و شاخە و گەڵاکانی. واژەکانی (تونگ، تونگە، تەنگە) بە واتای قەد و باڵا دێن. کاتێک دەڵێن کابرایەکی تەنگەستوور واتە کابرایەکی قەد ئەستوور، یا کە دەڵێن تەنگەی ئەسپ مەبەست ئەو قایشەیە کە لە تەن و قەدی ئەسپ دەبەسترێت. ووتەیەکی پێشینیان هەیە دەڵێ: هەر دەیکەم بە تەنگە و ئەو دەبێتەوە بە پاڵوو. پاڵوو ئەو پارچە کەژووە پانەیە کە دەکەوێتە بن کلکی بارەبەر بۆ راگرتنی کورتان.

No comments:
Post a Comment