خۆراکێکی تایبەتی لوڕییە لە کاتی زەماوەنددا دەیپێژن. ماڵی بووک دروستی دەکەن و لەگەڵ بووکدا دەینێرن بۆ ماڵی زاوا. ئەوانیش لە نێوان خزمە نزیکەکانی خۆیاندا دابەشی دەکەن.
پێکهاتەکانی جوجووش:
رۆنی ئاژەڵ، گەنمی بۆدراوی بە دەستاڕ هاڕدراو، شەکر یا دۆشاو، زیرە، رازیانە، زەردەچێوە. بۆ رازاندنەوەیش کاکڵی گوێز، بادام، پستە، کشمیش و کونجی.
شێوازی سازکردن:
سەرەتا رۆنەکە لە مەنجەڵێکدا دەخرێتە سەر ئاگر. ئینجا گەنمە بۆدراوە هاڕدراوەکەی ووردە ووردە تێدەکرێت و تێکەڵاو دەکرێت. پاشان دۆشاوەکەی تێدەکرێت. ئەگەر دۆشاو نەبوو، شەکرەکە لەگەڵ زیرە و رازیانە و زەردەچێوەکە لێکدەدرێن و دەکرێتە نێو مەنجەڵەکەوە. ئەوەندە دەکوڵێندرێت تا کەمێک پەیت دەبێت. لە دوواییدا دەکرێتە نێو قاپەوە و بە کاکڵە گوێز و پستە و بادام و کشمیش و کونجیی بۆدراو دەڕازێندرێتەوە.
شایانی باسە کە زۆر جار بۆ گوێزەبانە واتە لەدابوونی منداڵیش جوجووش دروسدەکرێت و بەسەر دراوسێ و خزماندا دابەشدەکرێت.

No comments:
Post a Comment