Thursday, March 16, 2023

خەونم دیت


خەونم دیت.. لەو خەونەدا باڵم گرت.. فڕیم وەک قاز و قورینگان، وەک سی و مراوی و مەلە کۆچەرییەکان بەسەر زەریا و دەریاکاندا فڕیم. بەسەر چۆڵەوار و بیابانەکاندا فڕیم... لە دوورەوە دوندە بەرزەکانی زاگرۆسم بەدیکرد. شوێنپێی کەڵەکێوییەکانم بەدیکرد کە لەسەر پلەی زەردوما رژد و سەختەکانی کەوەرکۆ چاپ ببوو.. رەنگاڵەی چغانمەکەکانی داوێنی زاگرۆسم بەدیکردن وامزانی شەبەنگی سەوزەسیلی تاڤگەی نووژیانە بە لیسگی هەتاوی شەوسوو خۆی رازاندووەتەوە. بەسەر کێوە خوێیەکاندا رابردم و ئۆشترانکۆ، شاهۆ، بێستوون قەندیل، هەڵگورد و گارە و…م بە چاو ئەنگاوتن. لە خۆشییان بێ سڵەمینەوە لووری هەردی ووڵاتی کەونار بووم؛ تا کوچکەڕەشی رووگەکەی ماچ کەم؛ و هەفت گەڕ بەدەوری مەزاری پیرۆزی پێشەوادا بخولێمەوە؛ و بە سورمەی خاکەکەی چاوەکانم بڕێژم. تا بۆنی گوڵە رەنگاوڕەنگەکانی بەهاری زێد و نیشتمان بکەم.

هیچکەس دەزانێ ئەم وڵاتەی من، ئەم خەونەوارەی من چەند جۆر گوڵی جوان و رەنگاوڕەنگی لێدەڕوێت؟ کەس هەیە پەی بە نهێنیی رووانی ئەم هەموو چەشنە گوڵە بردبێت؟ کەس دەزانێ ئەم نیشتمانەی من بۆچی ساڵ دووازدە مانگ رەنگ و بۆنی گوڵاڵەی سووری لێنابڕێت؟ لەبن درەخت، لە سەر تاوێر، لەسەر لێوار و رۆخی کەنداڵ، لەسەر گرد و تەپە و ملە و باسک، لەمین بەردەڵان و رەقەنان؛ تەنانەت لەپاڵ بەڕەزای رەوەزەکانیشدا گوڵاڵەی سوور دەڕوێن. گوڵاڵەکانی زێدی من بە خوێن ئاودەدرێن و لە خوێن دەڕوێن و خوێنیان لێدەتکێ. بۆنیان هەمان بۆنی پرچی کچە گەریلایە کە خوناوەی ئارەقی شەکەتی تەڕی کردووە.
لەو خەونەم دا، بە هێواشی لە کەنار چۆمی ئاواژەرۆ، لە سەرینچاوەی زێی بچووک دابەزیم. ئەو زێیە کە پاشاوەکەی دەڕژێتە نێو رووباری شەرابەوە و شان بەشانی رووباری هەنگوین بەرەو وەڵاتی تراویلکەی بێپایان رێ دەپێون.
بەڵام مخابن، ئاواژەڕۆ وەک ئەوسا پڕ لە ماسی نەبوو؛ قڕژانگەکانی کەناری نەدەجووڵان و پەلپەل ببوون. گۆمیلکەی گەرماوەکانی قەراغ چۆمیش ووشک ببون و سەلکەتەشییان تێدا نەبوو. ئاواژەرۆ ئەوەندە کز و باریک و بنێس بوو، خەریک بوو خۆیشی لە تینووان دەخنکا. هەتا چاو هەتەر دەکا رووانیم بۆ دوور، یەک دانە ماسیگرە، یەک دانە سەرسەوز، بۆرچین، یەک دانە سوورەقانگم نەهاتە بەرچاو. جاران ئێرە پڕ بوو لەم مەلە جوانانە. شان و شەپیلکی ئاواژەرۆ هەموو دارستان و زەمەند بوو. خاڵە حەمە بە شووڵە شلک و ناسکەکانی ئەم دارستانە قەرتاڵە و سەوەتە و تریانەی دەچنی.
من لە یادمە ئاواژەرۆ سەرەبەهاران هەر لرفەی دەهات و دەیگوڕاند. هیچ پردێک خۆی لەبەر خوڕە و هاڕە و هاژەی رانەدەگرت. هیچ رێبوارێک زاتی نەبوو خۆی لە بواری ئاواژەرۆ بدات.. من ئێرە زۆر باش شارەزام. ئاواژەرۆ و لاوێن و کەڵوێ و گادەر و هەموو دەستە خۆشکەکانیان باش دەناسم. ماسی و قرژاڵ و کەمچەکوڵەکانی ناویشیان دەناسم، ئاوڕوونکەرەوەی مەنداوەکانیان دەناسم. لم و چەوی بنیان، خڕەبەردە قەوزەگرتووەکانیان، کانیلەی رۆخەکانیان زۆر باش دەناسم. هەرچەند دەیان ساڵە لێیان دوورم، بەڵام تۆماری بیری منداڵیم، وێنە و دەنگ و رەنگ و هەستی هەموویانی لە خۆیدا هەمباشتەکردووە. هەرگیز دەربەدەری و ئاوارەیی و دووری و نامۆیی نەیتوانیوە ئەمانە لە مێشمکدا بسڕێتەوە و لەبیرمیان بباتەوە.
بەڵام ئەفسووس..، با لەبیریشم نەچووبێتنەوە؛ تازە سوودی چییە؟ ئێستا کە ئەوان لە سەرەمەرگ دان، دیتنەوەیان بۆ من چ سوودێکی هەیە؟ خۆ تازە هاوڕێ و هاوتەمەنەکانیشم لە ژیاندا نەماون تا باسی ئەم چل و چوار ساڵ دوورییەیان بۆ بگێڕمەوە. کێ باوەڕم پێدەکات کە خوشکە بچووکەکەم، ئەوەیان کە دە ساڵ لە من بچووکترە لە ئاوارەیی لەدایکبوو، لە ئاوارەیی پێڕەوکە بوو، لە ئاوارەیی پێگەیشت و شووی کرد و کەزیی سپیشی هۆندەوە؟! زۆر باش لەبیرمە من خۆم نەنە ئاسکێیی دراوسێی ئاوارەییمانم بانگ کرد تا مامانی بۆ دایکم بکات. باوکم لە ماڵ نەبوو، پێشمەرگە بوو، ئێمە و دایکێکی تەنیا بووین لە ماڵێکی تەنیادا. لە راستیدا ئەگەر نەنە ئاسکێ نەبووایە مرێمی دایکم وەک مرێمی دایکی عیسا لە کاتی زاییماندا تەنیا بوو؛ کەس نەبوو گەڵای دارخورمایەکی بۆ ببکاتە سا و سێوەر. ئەگەر نەنە ئاسکێ نەبووایە کێ دەیزانی دایکم لەم زگە رزگاریی دەبو یا نا؟! دایکم هەرچەند تەنیابوو، وەک خۆی دەیگوت یەکتەن و یەکباڵ بوو؛ بەڵام لە مرێمی دایکی عیسا ئازاتر و بەجەرگتر بوو. زۆر جار بۆ تەنیایی خۆی دەگریا؛ هەندێک جار بێدەنگ و بڕێک جاریش بە دەنگی بەرز دەگریا و دەیلاواندەوە تا کڵ و کۆی ئاوری دەروونی دادەمرکا؛ ئینجا فرمێسکەکانی دەسڕییەوە و بە سەڵاواتێک دڵی خۆی دەدایەوە. زۆر باش لە بیرمە لەسەردەمی رەش و تاریکی پەهلەویدا، ئەو رۆژانەی بابم بۆ پەیداکردنی پارووە نانێک دەڕۆیشت بۆ تاران و ئابادان، شەوانە دایکم بە دزیی ئێمەوە بڕنووە درێژە قاچاغەکەی باوکمی دەردەهێنا و لە بن سەرینەکەی درێژی دەکرد، تا نەکا چەتە و پیاوخراپ بێنە سەرمان و زەفەرمان پێ بەرن. بەیانیانیش بەرلەوەی ئێمە لەخەو بێداربین بڕنووەکە وون دەبوو. ئەو رۆژەیشم باش باش لە یادە کە شکۆی برا بچووکم هات و گوتی تفەنگەکەی باوکم لەبن پێڕک دا شاردراوەتەوە، بەڵام لای هیچکەس مەیدرکێنە! دایکم کە زانیی ئێمە تفەنگەکەمان لە بن پێڕک دا دیتووە، بێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بین، خێرایەک رایتەوڵاندبوو؛ لە جێیەکی تر شاردبوویەوە.
ئای چ هەڵەیەکم کرد کە گەڕامەوە ئێرە؟! ئیتر من لەمەوبەداوا چیرۆکی چل و چوار ساڵ دووری و دەربەدەریم لە کوێوە دەسپێبکەم و کێ هەیە گوێی لێبگرێ؟! بۆ کێ گرنگە کە بڵێم باوکم لە دووریی هەزاران کیلۆمەترەوە گۆڕغەریب بوو؛ نەمانتوانی تەنانەت بە لوێچێک خۆڵی ئەم زێد و نیشتمانە چاوەکانی گڵەبان کەین؟ ئەگەر بڵێم باوکم لە مەراقی دووریی نیشتمان و هاوەڵانی هەناسەی لێبڕا نەک بە دووکەڵی تووتن، کێ هەیە بروام پێبکا؟

ئای کە چەندە لەم گەڕانەوەیەم پەشیمانم! باشە بۆچی گەڕامەوە؟! ئێستا من چیبکەم؟ بوخچەی دڵم بۆ کێ واز کەم؟ کێ گوێ بۆ چیرۆکەکانم دەتەکێنێ؟ باشتر نەبوو بۆخۆم هەر لە دووریدا و لە دنیای ئەندێشە و خەوندا، لەگەڵ ئاواژەڕۆ بژیابام و وەک چیرۆکی ئادەم و حەوا بۆ منداڵەکانی خۆمم بگێڕایەتەوە؟ قەیچی ئەکا؟ منداڵەکانم هیچ ئاگایان لێ نییە. روودەکەمەوە هەندەران و پێیان ناڵێم چ قەوماوە. با هەر نەزانن. با جوانیەکانی زێدم بۆ ئەوان ببێتە راز و ئەفسانە؛ و بۆ منیش تاسە و مەراقێکی بێپایان و مەرگێکی لەگوین مەرگی بابم. با ئیتر وەک بابم بەتەما نەبم لاشەم بە خاک و خۆڵی وڵاتی پیرۆز بشاردرێتەوە و قوڕی سەر گۆڕیچەم بە ئاوی سەرینچاوەی بەهەشت بگیرێتەوە.


پڵیتە یا فتیلە



ساڵانی زوو زۆربەی چراکانی رووناکی و خۆگەرمکردنەوە و چێشت لێنان و ... کە بە نەوت کاریان دەکرد، پێویستییان بەوە هەبوو پڵیتەیان هەبێت. پڵیتە پارچە قوماشێکی لۆکەی ئەستوور بوو کە سەرێکی لە نێو نەوتەکەدا بوو، نەوتەکەی دەگواستەوە بۆ سەرەکەی تری و لەوێ ئاگرەکەیان دادەگیرساند.

لە فارسی و عەرەبیدا پێیدەڵێن (فتیل یا فتیلە). لە کوردیدا دەڵێن پڵیتە، پەڵیتە، فتیلە، فتێڵە، فەتیلە و پەتیلە. راستییەکەی پەتیلە واژە رەسەنەکەیە و ئەوانی تر هەموویان گۆردراوی پەتیلەن. ئێستایش لە خوارووی لورستان دەڵێن پەتیلە؛ واتە پەتێکی بچووک.


Thursday, March 9, 2023

سەعات

لە فارسی دا دەڵێن ساعەت و لە عەرەبیش دا ئەلساعە. کۆی ناوە عەرەبییەکە دەبێتە ساعات. راستییەکی نکۆڵینەکراوە
 ئامێری پێوانی کات کە مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابلییەکان، لە میزۆپۆتامیا، لەسەر بنەمای هاتن و رۆیشتنی هەتاو و سێبەر رۆنراوە. سێبەر یا سێوەر فۆرم و بیچمێکی تری گەشەکردووی ووشەی (سا)یە. خودی (سا) بووە بە (سایە)یش. لە فارسی دا تەنیا سایە بەکاردەهێنرێت. یەکێک لە نیشانە گرنگەکانی زووانی کوردی کە سەلمێنەری کۆنەواری و دێرینییەتی، بریتییە لە هەبوونی هەزاران واژەی کورتی یەک بڕگەیی. ئەم واژە یەک بڕگەییانە سەرەڕای سادەبوونیان هەرکامیان چەندین واتای گرنگ و بنچینەیی هەیە کە زۆر جار زۆر لە یەکترییەوە دوورن. 

ووشەی (سا) ی کوردی دووای ئەوەی بووەتە (سایە) لەلایەن عەرەبەکانەوە دەنگی (یە) گۆڕدراوە بۆ (عە). ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی زووانی عەرەبی کە دەنگی (ح) یا (ع) بۆ زۆربەی ئەو ووشانە سازدەکات کە لە زمانانی ترەوە وەریاندەگرێ. تازەترین نموونە ووشەی (ماکاروونی)ی ئیتاڵیاییە کە کردوویانە بە (مەعکەروونە). بەڵێ پەیڤی (ساعەت) هەمان (سا، سایە و سات)ی کوردییە.

Saturday, March 4, 2023

یەزدان


لە زووانی فارسی و کوردی دا ووشەکانی یەزدا، یەزدان، ئیزەد و ئێزد لە کۆنەوە بەکارهاتوون. لە نووسراوە پەهلەوییەکانیشدا هەن. ئەو کوردانەی کە باوەڕیان بە (ئێزد) هەیە بە ئێزدی یا بە شێوە عەرەبێنراوەیەکی (یەزیدی) ناسراون. روون و خوویایە کە پاشماوەی دینە زاگرۆسییەکانی پێش ئیسلامن. ئێزد، یەزد، یەزدا، یەزدان و ئیزەد هەموویان یەکن و واتای (خودا) دەبەخشن. (ئێزدی) واتە پەیڕەوی رێبازی خودا. ئێزدییەکان خۆیان بە گەلێکی بژاردە و جیاواز لە هەموو مرڤەکانی تر دادەنێن؛ و پێیانوایە ئەوان رەگێکیان مرۆڤە و رەگێکیان فریشتەیە.
کارم بەسەر ئەوەدا نییە کە لە فارسی دا چۆن ماناکراوەتەوە و ریشەکەی بۆ چی دەگەڕێننەوە؛ بەڵام کاتێک وەک کوردێک لە رووی واژەڕەتناسی (ئیتیمۆلۆژی)ییەوە ئەم واژەیە لێکدەدەینەوە، دەکرێت بڵێین رێک و راست لە ووشەی (یەز) وەرگیراوە بە واتای رێز و پەرەستن. یەزدۆ واتە خواپەرەست. ووشەکە دوواتر پاشکۆی (د، ید) یا پێشکۆی (ئێـ)ی خراوەتە سەر . یەزد، یەزدا، ئێزد و... واتا کەسێک کە شایانی رێز و پەرەستشە. بەڵام یەزدان بە بڕوای من دەبێ سیفەت\ئاوەڵناو بێت نەک ناو؛ هەرچەند لە کۆنەوە وەک ناو و بە واتای خودا بەکارهێنراوە. وەکچۆن لە واژەکانی شاد\شادان، خەندە\خەندان، خەم\خەمان، جەم\جەمان، کەڵ\کەڵان تاد.. هەیە.


 

Friday, September 16, 2022

ئاوی زێرابەکان بۆ ئاودێری

لەم رۆژانەدا چەند ڤیدیۆ و هەواڵێکم دیت و خوێندەوە سەبارەت بە تێکدانی باخچە و بێستان و مووچە و مەزرای خەڵکی لە چەند ناوچەیەکی باشوور، لەلایەن حکومەتەوە، بە بیانووی ئەوە کە بە ئاوی زێراب ئاودەدرێن.

لە راستیدا بەکارهێنانی ئاوی زێرابەکان کە بە ئاوی قاوەیی یا بۆر ناسراوە، بۆ ئاودێری دەبێتە هۆی زۆر نەخۆشی؛ و کارێکی باش نییە. بەڵام بەشێکی گرنگی ئەوە کە جووتیار و وەرزێرەکان پەنا بۆ ئەم ئاوە دەبەن، رەنگە نەبوونی ئاوی پاک بێ. کابرای وەرزێر کە ئاوی دەست نەکەوێ چی بکات؟ یا دەبێ واز لە پیشەکەی بێنێ، یا رێگایەک بدۆزێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاو.
رەنگە هۆکارێکی تریش ئەمە بێ کە جووتیار و وەرزێرەکانی کوردستان ئاستی ئاگایی و هۆشیارییان ئەوەندە نەبێ کە بیر لە ئاکامە زیانبارەکانی بەکارهێنانی ئەم ئاوە بۆرە بکەنەوە. رەنگە ئەوان تەنیا بیر لەوە بکەنەوە کە ئەم ئاوە هەم تینوێتیی رووەکەکەنیان دەشکێنێت و هەم تێچووی کوود و پەینی کیمیاییەکەیان بۆ دەگەڕێنێتەوە.
من پێم وایە حکومەتی هەرێم لەجیاتی تێکدانی ئەو باغ و بێستان و زەوییانە، هەوڵ بدات هۆشیاریی زیاتر بڵاوبکاتەوە و لە وۆرکشۆپ و بەرنامەی تایبەتدا رۆشنگەری و رێنومایی بداتە وەرزێرەکان و فێریان بکات چۆن ئەو ئاوە بەکاربێنن. پاککردنەوەی ئاوی زێراب کارێکی مەحاڵ نییە و زۆربەی جووتیاران دەتوانن گۆشەیەک لە زەوییەکانیان -ئ ەگەر لە ئاوەڕۆی زێرابەکانەوە نزیک بێ- بکەنە ئەستێری تایبەت بۆ پاککردنەوەی ئەو ئاوە؛ و دواتر ماددەی کلۆری تێبکەن و بۆ ئاودێری بەکار بێنن. هەرچەند ئاوەکە دەبێتە ئاوێکی قورس، بەڵام دیسان لە بێ ئاوی و لە ئاوی پیس باشترە.


Wednesday, August 31, 2022

قەوزە


بە زیندەوەرێک دەگوترێ کە جۆرێک گیایە بەڵام هەموو تایبەتمەندییەکانی گیای تێدا نییە. بۆ وێنە گەڵای نییە، گوڵی نییە، تۆوی نییە و قەد و ریشەی گیائاسای نییە. هەندێک لە قەوزەکان بە راددەیەک لە گیاکان دوور کەوتوونەتەوە کە لە ریزی کەڕوو هەژمار دەکرێن. بەشێک لە قەوزەکان ئاوەژین و بەشێکیشیان لەسەر بەرد، درەخت یا خاک دەژیێن.

لێرەدا مەبەستی سەرەکی ووردبوونەوەیە لە رەگ و ریشەی ووشەی قەوزە نەک باس لە ژیان و خەسڵەت و سیفەتەکانی.
لە کوردی دا کۆمەڵێک ناوی جیاوازمان بۆ ئەم جۆرە زیندەوەرە هەیە کە من تەنیا بەشێکیانم بۆ ساغ بووەتەوە کە ئەمانەن: قەوزە، خەوزە، خەزە، خەز، کەز، کەزیکانی، کەزیجۆگە، کەژاو، خوریجندە، خوریجۆگە، کەڤزە، کەڤژە، جلە، جلەک، جلەشینە، ریپۆق، گووبۆق، گووقڕواق، گوو وەزەغ، خەنەتیلکە، کڕێژەبەرد، گوڵسەنگ، گوڵبەرد، تۆژکەبەرد، ئۆشنە، ئەشەن..
لە زوانی فارسی دا خەزە و جۆلبەک و گولسەنگ هەیە کە بێگومان هاوڕیشەن لەگەڵ کوردییەکاندا. هاوکات ووشەی خەز لە هەردوو زمانی کوردی و فارسی دا واتای (فروە)یش دەدات واتە پێستێک خۆشکراوە و خورییەکەی پێوە ماوەتەوە و وەک پۆشاک سوودی لێوەردەگیرێت. دیارە روواڵەتی هەرکام لە (فروە) و قەوزەیش لێکچوونی زۆریان هەیە. بۆیە دەکرێ هەردووکیان یەک ووشە بن و ریشەی جیاوازیان نەبێ.
ئەم ووشەی (خەز)ە چووەتە نێو زمانی عەرەبییەوە و وەک هەزاران ووشەی زمانی عیبری و زمانەکای تر دەنگی (خ)ەکەیان گۆڕیوە بۆ (ح)؛ بەم جۆرە بووە بە (حەز). لەمەیشەوە ووشەی (حەزاز)یان دروسکردووە. بە واتای ئەو رووەکانە لە (حەز) دەچن و سەر بەم خێزانەن. نووسەر و وەرگێڕەکانی کورد لە باشوور ووشەی (حەزاز)یان وەک خۆی هێناوەتە نێو زمانی کوردییەوە و لە زیندەزانی \بایۆلۆژی دا بە واتای خێزانی کەزەکان یا قەوزەکان بەکاری دەهێنن.

Tuesday, August 30, 2022

فرچک

جاران نەخۆشییەک هەبوو لە کوردەواریدا پێیان دەگوت نێوک کەوتن کەسەکە ژانە زگی دەبوو، هەندێ جار تووشی رەوانی (زگچوون) دەبوو. دەیانگوت نێوکت کەوتووە. منداڵیش کە تووشی وەها دۆخێک دەهات دەیانگوت فرچکی کەوتووە. واتە بۆ منداڵ نەیاندەگوت نێوک دەیانگوت فرچک. من خۆم لەبیرمە دایکم جارێکیان بردمی بۆ لای پیرەژنێک کە کاتی خۆی نێوکمی بڕیبوو. پێی گوت کوڕەکەم فرچکی کەوتووە. ژنەکە ناوی نەنە ماهی بوو، دایکم گوتی ئەوە نەنکتە.  ئەوە نێوکی تۆی بڕیوە.

نەنە ماهی لە پێش خۆی درێژ رایکێشام و دەسی بە زگم داهێناو ماوەیەک دایماڵی. پاشان سووڕاندمی بۆ سەر زگ و پشتمی داماڵی. ئەوسا چەند جارێک بە هەردوو دەست پێستی پشتمی گرت و هەڵیکێشا، هەر جارێک کرتە کرتی لێوە دەهات. پاشان هەر دوو پێیەکانمی گرت و سەرەوبن وەریسووڕاندم بە لاکەی تردا. لەو کاتەشدا کە ئاوا پشتمی دادەماڵی و پێستەکەی رادەکێشا دەیگوت:
فرچکە لەجێ، فرچکە لەجێ،
فرچکی رێوی بچێ لە جێ؛
فرچکی کوڕی من بێتەوە جێ.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...