Sunday, January 30, 2022

ئیبراهیم ئاغای دەرسیم




ئیبراهیم ئاغای دەرسیم، سەرۆک هۆز 

باوکی شەهیدی رێگەی نیشتمان، سەید رەزا

ئەم وێنەیە ساڵی ١٨٩٩ لە پەرتووکێک دا بە ناوی (خاچی سوور) لەلایەن پەرەستارێکەوە بە ناوی (کلارا بارتن) چاپکراوە.



Friday, January 28, 2022

گەرچەک



گەرچەک مێژوویەکی هەزاران ساڵەی لەگەڵ مرۆڤدا بەسەر بردووە و تا ناسران و دەرکەوتنی پەترۆڵ لە ژێر زەوی، گەرچەک، هەم رووناکی بوو، هەم گەرمی بوو هەم دەرمان و کەرەستەی ئارایشت.

هەرچەند ئێستا لەوانەیە لەسەدا پێنجی نڤشی کوردی ئەم سەردەمە رووەکی گەرچەکی نەدیتبێت و ناویشی نەبیستبێت، بەڵام ئەمە راستییەکی نکۆڵینەکراوە کە یەکەم شوێنزای گەرچەک ووڵاتی شام بووە؛ واتە شتێکی نامۆ نەبووە بەلای گەلانی رۆژهەڵاتی ناوینەوە. دەنکی گەرچەک لە گۆڕی میسرییە کۆنەکاندا دۆزراوەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٤٠٠٠ پێش زایین.


نزیک بە هەموو شارستانیەت و ژیارەکانی جیهان وەک رۆمەکان و هیندییەکانیش گەرچەکیان ناسیوە و بەکاریان هێناوە.

گەرچەک لە ماوەی چەند چەند مانگێکدا لە دەنکە تۆوێکی بچووکەوە دەبێتە درەختێکی ئەستوور و بەرز، و کۆڵێک هێشووە تۆو بەرهەم دەهێنێت. لە بارودۆخی تەنگدەستی و نەبوونی سووتەمەنیدا گەرچەک رەنگە یەکێک لە باشترین فریادڕەسەکانی لادێنشینان بێت.

ئەوان بە روواندنی گەرچەک دەتوانن هەم رۆنەکەی و هەم پاشماوەکەی وەک سووتەمەنی بۆ زستان بەکار بهێنن. جگە لە رۆن ژەهری رایسینیشی تێدایە کە نرخ و بەهای خۆی هەیە و بازرگانیی پێوە دەکرێت. رایسین یەکێک لەو ژەهرە کوشندانەیە کە لە دروسکردنی چەکی کیمیاییدا بەکاردەهێنرێت.

Wednesday, January 26, 2022

موونەکە


ناوی ئینگلیسی:       Dodder

ناوی زانستی:      Cuscuta

ناوی  کوردی:  موونەکە، کالووسە، کاڵۆسە، تڕتڕە، رێزڕێزۆکە، زیرە، خێرک، خەیاتە، جلە، پیس پیسە، پیسک پیسکە، بێبنە، دارشکنە، ئەسپس، ئەڤێ، رەگەکیشە.

رووەکێکی مشەخۆرە، ریشەی نییە بەلکوو لەسەر رووەکی تر وەک تەماتە، پیاز، بیبار، وێنجە و هەندێک گوڵ و دار و دەوەن خۆی دەژیێنێت.  جۆرێک لوولەی هەیە دەینووسێنێت بە قەد یا ریشەی رووەکەکانەوە و خۆراکەکەیان بۆ خۆی رادەکێشێت.  لەشێوەی پەتێکی باریکە، رەنگی زەردە، گوڵ و گەڵا دەردەکات و تۆو دەکات و دوواتر تۆوەکانی دەڕوێنەوە.  وەک لە سەرەوە ئاماژەی بۆ کرا لە زمانی کوردیدا ناوی زۆرە، دیارە ئەم ناوانەی لێرە نووسراون کورمانجی و ئەردەڵانی و گۆران و لەکی و کەڵوڕی و کوردیی خوارنگ ناگرێتەوە؛ بەڵکوو بە زۆری ناوچەکانی موکریان و سۆران و بابان ئەم ووشانە بەکاردەهێنن.

مەبەست لە نووسینی ئەم چەند دێرەیش هەر ئەم خاڵە گرنگەیە.  بۆ ووشەیەک بزانە لەم زوانە توانایەی ئێمەدا چەندە واژەی جوان و بەهێزمان هەیە.  هەرچەند تا ئێستا نەمانتوانیوە وەک پێویست سوود لەم هەموو هاواتایە وەربگرین کە لە زمانەکەماندا هەیە بەڵام هیوادارم ئێستا واژەکان کۆبکرێنەوە و تۆمار بکرێن تا لە ئایندەدا نەوەکانمان بتوانن بۆ هەرکام لەم پەیڤانە جێگە و پێگەی شیاو بدۆزرێتەوە.




Saturday, January 22, 2022

______________پێوانی بازنە یا لوولە

ئەو سەردەمە کە منداڵ بووم و لە قوتابخانە دەمخوێند، واتە ساڵانی هەشتاکانی زایینی، لە وانەی بیرکاری زۆر تەمبەڵ بووم.  ئێستایش هیچ لە بیرکاری و ژمارە و ئەندازە نازانم .  بەڵام هەندێک شتم دێتەوە بیر و ئێستا لە رووی زمانەوانییەوە لەگەڵ ووشە و چەمکە ئینگلسیییەکان بەراوردیان دەکەم؛ دەزانم لە رووی زمانەوە هەڵە بوون.  بۆ وێنە کە باس لە پێوانی شێوەیەکی لوولەکی یا بازنەیی دەکرێت.  تا ئەم ساڵانەی دوواییش هەر ئەو ووشانەم بەکاردەهێنا کە ئەوسا فێریان بوبووم. لێ ئێستا دەزانم هەڵە و چەوتی لە ووشەکاندا هەبوو.  لە پێوانی بازنە دا ووشەیەکیان بەکاردەهێنا بە ناوی (هەرێم). ئێستایش نازانم بە مانای (قطر)ی عەرەبییان بەکاردەهێنا نە بە مانای (محیط).  بەڵام هەر دووک ووشە عەرەبییەکە لە پێوانی بازنەدا بەکاردەهێنرێن.

رەنگە باشترین شت ئەمە بێت کە ووشەکان لە ئینگلیسیەوە بۆ کوردی مانا بکرێنەوە وەک ئەوەی لەم وێنەیەدا دەیبینین:





Friday, January 21, 2022

خۆت خاکی زەویوزارەکەت تاقی بکەرەوە

 

ئەم شێوازەی خوارەوە رێگایەکی باشە بۆئەوەی پێش چاندن و روواندنی بەرهەمەکانت دڵنیا بیت لەوە کە چ جۆرە خاکێکت هەیە.  هەمووی یەک یا دوو رۆژی پێویستە و ئاکام و ئەنجامەکەت دەست دەکەوێت.

ئەم تاقیکردنەوەیە پشکنینێک نییە بۆ زانینی چەندایەتی و چۆنایەتیی کانزاکان و ترشی و تفتی، بەڵکوو بۆ ئەوەیە ئەو خاکەی هەتە و نیازت هەیە کاری لەسەر بکەیت، بەر لە چاندن بیناسیت و ئەگەر پێویست بوو چاکی بکەیت.  بۆ ئەم مەبەستە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێبەجێ بکە:


١- لە گۆشەیەکی زەوییەکەت چاڵێکی بچووک بە قووڵایی ١٦ سەنتیمەتر بکەنە.  ئینجا چەند مشتێک لە خاکەکەی لە قووڵاییەکەوە بهێنە دەرەوە.

٢- دەفرێکی شووشە، لەوانەی ساڵانی زوو بۆ ئاوەتەماتە بەکاردەهێنران، بهێنە و سێ یەکی پڕ بکە لە خاک.

٣- ئینجا تا سێ چارەکی شووشەکە پڕ بکە لە ئاو.

٤-  دەمی شووشەکە قایم ببەستە و بۆ ماوەی ٢-٣ خولەک بیشڵەقێنە.

٥- ماوەی ٢٤ تا ٤٨ هنگار لە شوێنێک دایبنێ و مەیجووڵێنە.

٦- دووای ئەو ماوەیە بە ئەسپایی شووشەکە لە شوێنێک دابنێ و بە ووردی لێی بروانە.

ئەو چینەی کە لە بنی شووشەکەدایە لە هەموو بەشەکانی تر قورسترە بریتییە لە لم.  چینی سەر لمەکە لیتەیە؛ واتە تێکەڵاوێکە لە گەردیلەی زۆر ووردی لم و قوڕ.  چینی  سەرووتر  بریتییە لە قوڕ؛ کە بە شێوەی سروشتی چەسپناکە و بەکاردەهێنرێت بۆ دروسکردنی خشت و دەفر و کەرەستەی گڵینە.

ئەو چینەیش کە دەکەوێتە سەر رووی ئاوەکەوە کۆمپۆستە.  واتە پێکهاتووە لە پارچە و گەردیلەی وورد و بچووکی دار و دەوەن و چیلکە و گەڵا و…


ئێستا تۆ بەگوێرەی ئەستووریی چینەکان دەتوانیت ئاکام و ئەنجامی خاکی زەوییەکەت بەدەست بهێنیت. بۆ وێنە: گریمان لمەکە کەمێک زیاتر لە نیوەی ئەستووریی هەموو خاکەکەی لە ئاوەکەدا پێکهێناوە، مانای ئەوەیە لە سەدا شەستی خاکەکەت لمە.  ئەگەر لیتەکەیش نیوەی لمەکەی پێکهێنابێت، کەواتە ئەویش  دەکاتە سەدا سی.  لە سەدا دە دەمێنێتەوە بۆ قوڕەکە. 

کەواتە زەوییەکەت لمی زۆرە و دووای ئاودان خێڕا هەڵدەچۆڕێت؛ و نم و شێی نابێت یا زۆر کەم دەبێتبۆ چاککردنی خاکی زەوییەکەت پێویستە چینێک کۆمپۆست بە سەر زەوییەکەتدا بڵاو بکەیتەوە.   چینە کۆمپۆستەکە گەرەکە لانیکەم پێنج سانتیمەتر ئەستوور بێتئەم کۆمپۆستە ئاو لە خۆیدا هەڵدەگرێت؛ و ووردە ووردە  دەیداتە خاکەکە و ناهێڵێت زوو ووشک ببێتەوە.



باگیرە

 

باگیرەیەکی مێژوویی لە میسر

سندووس

پەیکەری شاخەوانی ناسراو محەممەد هەوراز لە نەغەدە

میوە بۆچی شیرینە؟

شێخ عوسمان سیراجەددینی